جێژنی قوربان
جەژنێکی موسڵمانان / From Wikipedia, the free encyclopedia
جێژنی قوربان یان جەژنی قوربان (بە عەرەبی: عيد الأضحى) جەژنێکە تایبەتە بە موسڵمانان. لە چوار ڕۆژ پێکدێت، کە موسڵمانان تێیدا گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن و بە چکلێت و شیرینی تریش دەمی یەکتر شیرین دەکەن، ھەروەھا لەم جەژنە قوربانی دەکرێت. جەژنەکە ڕۆژێکی دیاریکراوە و دەکەوێتە ڕۆژێک دوای ٩ی زولحەججە. حاجیان لەو ڕۆژە لە کێوی عەرەفە دەوەستن، کە گرنگترین پایەی حەجە و جیاوازیکەری نێوان حەج و عەمرەیە. بەگشتی ڕۆژەکە دەکەوێتە ١٠ی زولحەججە و بەردەوام دەبێت تا ١٣ی زولحەججە، لە بەیانیی ئەو ڕۆژە موسڵمانان دەچن بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جەژن و دەست دەکەن بە تەکبیر لێدان (الله أكبر الله أكبر الله أكبر، لا إله إلا الله. والله أكبر. الله أكبر. ولله الحمد). ئەو ڕۆژە لە وڵاتانی موسڵمانەکان دەبێتە پشووی فەرمی. قوربانیکردنیش دەکەوێتە دوای تەواوی بوونی نوێژی جەژن.[1]
قوربانیکرن لە چوار مەزهەبەکە جیاوازە:
- لە مەزهەبی شافعی سوننەتە و واجب نییە (سوننەتی موئەکەدە).
- لە مەزهەبی مالیکی سوننەتە و واجب نییە (سوننەتی موئەکەدە).
- لە مەزهەبی حەنەفی واجبە بۆ ئەو کەسانەی خاوەن دارایین.
- لە مەزهەبی حەنبەلی سوننەتە.[2]
ئەم جەژنە ئەو فەرمانەی خوا دەهێنێت یادی موسڵمانان کە فەرمانیدا بە ئیبراهیم کە ئیسماعیلی کوڕی بکاتە قوربانی و ئەم فەرمانەش لەڕێگەی خەونەوە بوو، هەروەها خوای گەورەش لەسورەتی کەوسەر فەرمان دەدات بە محەممەد و موسڵمانان کە فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ (کەوسەر:٢) (کوردی: تەنها نوێژ و قوربانی بۆ خوا بکە).[3]
موسڵمانان لەو ڕۆژەدا یەکێک لەمانە (پەز یان مانگا یان حووشتر) دەکەنە قوربانی و گۆشتی قوربانییەکەش بەسەر خزمان و دراوسێ و هەژاران دابەش دەکەن.