مەلالە یووسفزای
چالاکوانێکی خوێندنی منداڵانی پاکستانی و براوەی نۆبڵ / From Wikipedia, the free encyclopedia
مەلالە یووسفزای (بە ئوردوو: ملالہ یوسفزئی؛ بە پەشتۆ: ملاله یوسفزۍ /məˈlaːlə jusəf ˈzəj/؛[3] لەدایکبووی ١٢ی تەممووزی ١٩٩٧)،[3][4] ناسراو بە مەلالە، کچە چالاکوانێکی بواری خوێندن و پەروەردەی ژنانە. مەلالە بەھۆی چالاکییەکانی لە بواری وەدەستھێنانی مافەکانی ژنان ناسراوە. بەھۆی ئەم چالاکییانەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا کەوتە بەر ھێرشی تاڵیبان و بەھۆی تەقەی تفەنگەوە بریندار بوو. ئەمەش لەبەرئەوەی چوونی کچان بۆ قوتابخانە لەلایەن تاڵیبانەوە قەدەغەکرابوو. دواتر ئەم ڕووداوە کەوتە بەرچاوی زۆرێک لە میدیاکانی جیھان و گرینگییەکی زۆر بە چالاکییەکانی مەلالە درا و کەمپینگەلێکی ئاشتیخوازانە بۆ پاراستنی مەلالە و مافەکانی ژنان لە وڵاتانێک وەکوو پاکستان بەڕێکەوت.[5]
مەلالە یووسفزای | |
---|---|
ملالھ یوسفزی | |
لەدایکبوون | (١٩٩٧-٠٧-١٢) ١٢ی تەممووزی ١٩٩٧ (تەمەن ٢٦ ساڵ) |
نەتەوە | پاکستانی |
شارۆمەندێتی | |
پەروەردە | لەیدی مارگرێت ھاڵ، ئۆسکفۆرد |
پیشە | چالاکوان لە بواری خوێندنی کچان، بلۆگنووسی پێشووی بی بی سی ئوردوو و قوتابی |
ڕێکخراو | مەلالە فەند |
ناسراوە بە | چالاکوان بۆ مافی خوێندن، بەتایبەت خوێندنی کچان |
ھاوسەر | ئاسر مالیک (ھاوسەرگیری ٢٠٢١)[2] |
باوان(ەکان) |
|
خەڵاتەکان |
|
وێبگە | www |
لە ساڵی ٢٠١٣دا یەکێک لە پاڵێوراوەکانی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی بوو، و لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ کایلاش ساتیارتی ئەم خەڵاتەی وەرگرت. مەلالە بچووکترین وەرگری ئەم خەڵاتەیە.[6] لەدوای بەدەستھێنانی خەڵاتەکە، چالاکییەکانی مەلالە بۆ ئاستی جیھان پەلی ھاوێشت. بە قسەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان شاھد خاقان عەباسی، مەلالە نموونەی باڵای ھاونیشتمانیی داھاتووی پاکستان دەبێت.[7]
مەلالە لە خێزانێکی پەشتون، لە شاری مینگۆرا، ھەرێمی سوات لە پاکستان لەدایکبووە. مەلالە ھەریەکە لە محەممەد عەلی جیناح و بێنەزیر بوتۆ بە نموونەی باڵای خۆی زانیوە، و ھەروەھا لە کارە مرۆڤایەتییەکانی باوکیشی ئیلھامی وەرگرتووە.[8] لە سەرەتای ٢٠٠٩دا، کاتێک تەمەنی مەلالە ١١–١٢ ساڵان بووە، بە ناوێکی خوازراو بۆ تۆڕی بی بی سی ئوردوو لەبارەی ژیانی خۆی لەژێردەست تاڵیبان نووسیوە. ھاوینی دواتر، ڕۆژنامەنووس ئادەم ئیلیک، دۆکیومێنتارییەکی لەبارەی ژیانی مەلالە و چالاکییەکانی چەکداری پاکستانی لەناوچەکە بۆ نیویۆرک تایمز دروستکرد.[3] دواتر مەلالە بەھۆی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ دەزگا نووسراو و بینراوەکان دا، ھەروەھا پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی ئاشتی منداڵانی نێونەتەوەیی زیاتر ناسرا.
لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، کاتێک پاسێکی قوتابخانە لە ھەرێمی سوات دەبێت، لەدوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەیەک، مەلالە و دوو کچی تر لەلایەن چەکدارێکی تاڵیبان ھەوڵی تیرۆرکردنیان دەدرێت بەھۆی ئاشکرابوونی؛ تەقەکەرەکە ڕای کرد. لەوکاتە مەلالە لەلایەن چەکدارەکە تەقەی لێکرا، کاتێک برایە نەخۆشخانەی سەربازیی نەخۆشانی دڵ ئەوا بارودۆخی ناوبراو جێگیر نەبوو. دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک دۆخی مەلالە باشتر بوو، دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر گەیەندرایە نەخۆشخانەی ئیلیزابێت لە بیرمینگھام، بەریتانیا.[9] ھەوڵی کوشتنی مەلالە دەنگدانەوە و پشتگیرییەکی جیھانیی بۆ دروستکرد. ئاژانسی دی دەبلیووی ئەڵمانی لە کانوونی دووەمی ٢٠١٣، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی ئەوەی کرد «کە لەوانەیە مەلالە ببێتە بەناوبانگترین نەوجەوانی جیھان.»[10] حەفتەیەک لەدوای ھەوڵدان بۆ کوشتنی، گرووپێک لە زانای ئیسلامی لە پاکستان فەتوایەکیان لەدژی ئەو کەسانەی کە ھەوڵی کوشتنی مەلالەیان دابوو دەرکرد دەرکرد.[11] لەوکاتە تاڵیبان لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، حکوومەتەکان، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و گرووپە فێمێنیستییەکان ڕەخنەباران و ئیدانەکران. لە وەڵامی ڕەخنە و ئیدانەکاندا، تاڵیبانیش ڕەخنەیان لە مەلالە گرت، و بەدووریشیان نەزانی کە ھەوڵی دووەم بدەن بۆ کوشتنی. بەیاننامەکەی تاڵیبان کاردانەوەی زیاتری نێونەتەوەیی لەمەڕ بابەتەکە دروستکرد.[ژێدەر پێویستە]
لەدوای چاکبوونەوەی، مەلالە یووسفزای بووە چالاکوانێکی دیار لە باسی مافەکانی خوێندن. لە بیرمینگھام، لەگەڵ شزا شاھید بووە ھاودامەزرێنەری ڕێکخراوەی مەلالە فەند، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە.[12] لە ساڵی ٢٠١٣دا، بەھاوبەشی کتێبێکی لەسەر ژیانی خۆی بەناوی «من مەلالەم» بڵاوکردەوە.[13] لە ساڵی ٢٠١٢دا، یەکەم خەڵاتی نەتەوەییی گەنجانی ئاشتیی پاکستانی لەگەڵ خەڵاتی ساخارۆڤی پێ درا. لە ساڵی ٢٠١٤دا، بەھاوبەشی لەگەڵ کایلاش ساتیارتی، خەڵاتی نۆبێلی لە ئاشتی وەرگرت. ئەوکاتە مەلالە ١٧ ساڵان بوو، و بووە بچووکترین وەرگری خەڵاتی نۆبێل.[14][15][16] لە ساڵی ٢٠١٥دا، دۆکیومێنتارییەک لەسەر ژیانی مەلالە بەناوی «ئەو ناوی نام بە مەلالە» بەرھەمھێنرا، کە بووە پاڵێوراوی لیستی کۆتاییی خەڵاتەکانی ئۆسکار. لە ساڵانی ٢٠١٣، ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا، لەلایەن گۆڤاری تایم وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتیی ساڵ لە جیھان دیاریکرا. لە ساڵی ٢٠١٥دا، لەلایەن کەنەدا ھاووڵاتینامەی شانازی (فەخر) بەخشرایە مەلالە.[17] لە ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٧، مەلالە خوێندنی لە دواناوەندی ئێدگباستن لە ئینگلتەڕا تەواوکرد،[18] لە ئێستادا بۆ بەدەستھێنانی بەکالۆریۆس لە بەشی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری لە زانکۆی لەیدی مارگرێت ھاڵ، ئۆسکفۆرد دەخوێنێت.[19]
لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، لە شاری بێرمینگام مەلالە هاوسەرگیری لەگەڵ ئاسر مالیک ئەنجامدا.[20]