بایبەرس
سوڵتانی میسر و سوریا لە ساڵی ١٢٦٠ تاکو ١٢٧٧ / From Wikipedia, the free encyclopedia
مەلیک زاھر ڕوکنەدین بایبەرس بندوقەدەری (١٢٢٣یان ١٢٢٨– ١ی تەمموزی ١٢٧٧)، بە ڕەچەڵەک کیپچاکی تورکە، نازناوی ئەبوو الفوتوح (باوکی فەتحەکان)لێناوە، کە ئاماژە بە سەرکەوتنەکانی دەکات)، ئەو چوارەم سوڵتانی مەمالیکی میسر لە دەوڵەتی بەحریە،لە دوای سەیفەدین قوتز.یەکێک بوو لە فەرماندەکانی ئەو ھێزە میسریانەی کە شکستی بە حەوتەمین جەنگی خاچھەڵگری پاشا لویسی نۆیەمی فەرەنسا ھێنا. ھەروەھا سەرکردایەتی پێشڕەوی سوپای میسری کرد لە شەڕی عەین جالووت لە ساڵی ١٢٦٠، کە یەکەم شکستی بەرچاوی سوپای مەغۆلەکان بوو و بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوودا دادەنرێت.بایبەرس وەک زانایەکی زۆر گەورەی سەربازی و سیاسی دادەنرێت.[3][4] وەک فەرماندەیەکی نەدۆڕاو،[5] وەک یەکێک لە گەورەترین فەرماندە سەربازییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست سەیر دەکرێت.[6][7]
بایبەرس | |
---|---|
سوڵتانی میسر و سوریا مەلیک زاھیر ڕوکنەدین | |
سوڵتانی میسر | |
فەرمانڕەوایی | ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٢٦٠ – ١ی تەمموزی ١٢٧٧ |
تاج لەسەر نان | ١٢٦٠ لە مەدرەسەی سالیحییە |
پێشوو | سەیفەدین قوتز |
جێگر | سەعید ناسرەدین محەممەد |
خانەدان | دەوڵەتی بەحریە |
لەدایکبوون | ١٩ تەمموزی ١٢٢٣ یان ١٢٢٨ دەشتی کیپچاک [1][2] |
مردن | ١ی تەمموزی ١٢٧٧ (٥٠ یان ٥٥ ساڵ ژیاوە) دیمەشق |
ئایین | ئیسلام |
سەردەمی بایبەرس سەرەتای سەردەمێکی باڵادەستی مەملوکەکانی لە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بوو و مانەوەی سیستەمی سەربازییان چەسپاند. توانی ڕێگە خۆش بکات بۆ کۆتایی ھاتنی بوونی خاچھەڵگرەکان لە شام و یەکێتی میسر و سوریا وەک دەوڵەتی موسڵمانی پێشەنگی ناوچەکە بەھێزتر بکات، توانی بەرپەرچی ھەڕەشەکانی ھەردوو خاچھەڵگر و مەغۆلەکان بداتەوە، تەنانەت توانی ملکەچی دەوڵەتی شانشینی ماکوریا بکات کە بەناوبانگ بوو بەھۆی ھەوڵەکانی پێشووی داگیرکردنی ئیمپراتۆریەتی موسڵمانانەوە کە نەدەکرا سەرکەوتوو بێت. ھەروەھا بایبەرس وەک سوڵتان خەریکی تێکەڵەیەک لە دیپلۆماسی و کردەوەی سەربازی بوو، ئەمەش ڕێگەی بە مەمالیکەکانی میسر دا ئیمپراتۆریەتەکەیان زۆر فراوان بکەن. ھەروەھا سوپاکەی کۆکردەوە و ڕاھێنانی پێکرد، سیستەمێکی پەیوەندی سەرنجڕاکێشی لە نێوان سوریا، میسر دامەزراند، ھەروەھا بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی ھەڵمەتێکی دیپلۆماسی بەھێز.[8] بایبەرس ھەروەھا گرنگییەکی زۆری بە زانست و فێربوون و نۆژەنکردنەوەی ئاودێری و کشتوکاڵ داوە.[9]