سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
هێزێکی سەربازی و سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان / From Wikipedia, the free encyclopedia
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران (بە ئینگلیزی :Organization of Iranian Kurdistan Struggle، بە فارسی؛ سازمان خبات کردستان ایران) ھێزێکی سیاسی و سەربازی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە لە ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩ کۆچی خۆری بەرامبەر بە ٢٧ی ئابی ١٩٨٠ لەلایەن مامۆستا شێخ جەلال حوسێنی[1] بەھاوکاری چەند مامۆستایەکی ئایینی دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند لەسەر فکری ئایینی و نەتەوەیی،[2] لە سەرەتادا تا ساڵی ٢٠٠٤ لەژێر ناوی سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران (خەبات) کار و تێکۆشانی دەکرد. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کۆنگرەی سێ کە لە شارۆچکەی تۆبزاوە(ڕزگاری) سەر بە شاری ھەولێر بەسترا ناوەکەی بووە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕەوت و کارەکانی ئەم ڕێکخراوە دەستی پێکرد. ساڵی ١٩٨٠ یەکەم کۆنگرەی سازمان لە قەڵای خەبات لە بلەکی بەسترا لەو کۆنگرەیەدا جگە لە پەسەندکردنی پەیڕەو و پڕۆگرام و ھەڵبژاردنی سکرتێری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی بڕیاری لەسەر ستراتیژی و ڕێبازی ئەم ڕێکخراوە درا کە ڕێکخراوێکی ئیسلامی و نەتەوەیی بێت ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ھەڵگری پەیامێکی جیاوازتربێت لە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستانی ئێران بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی لە چوارچێوەی ئێران. ھەروەھا یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی خۆیان پەسند کرد ئەویش ڕەتکردنەوەی ھەرجۆرە وتوێژ و دانوستانێک لەگەڵ کاربەدەستان و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران. دوای دامەزراندن دەستکرا بە کاری ڕیکخستن و دانانی بنکە و بارەگای لە ناوچەکانی کوردستان ھەروەھا ھێزی پێشمەرگەی تایبەتی خۆی دامەزراند ھەرچەندە بەر لە دامەزراندنی سازمانی خەبات لەژێر ناوی ھێزی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین[3] شەڕیان لە دژی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرد بەڵام دوای دامەزراندی سازمان لەژێر ئەم ناوە خەبات و تێکۆشانیان دژی کۆماری ئیسلامی درێژە پێدا ئەمەش بەھۆی ئەوەی بەشێک لە فەرماندە و کەسایەتییەکانی دەفتەری مامۆستا لە دامەزراندنی سازمانی خەبات ڕۆلیان ھەبوو. پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستپێکرد سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کەوتەوە دەست، سازمانی خەبات ناچار بوو بنکە و بارەگاکانی خۆیان لە کوردستان بکشێنەوە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان.[4][5] ئەمەش وای کرد چالاکیەکانی ئەم ڕێکخراوە زیاتر کەمتربێتەوە. لە ساڵی ١٩٨٧ سازمانی خەبات بەھۆی کێشە و ململانێی ناوخۆی بەشێک لەئەندامانی سەرکردایەتی ئەم سازمانە بە ڕابەرایەتی مامۆستا مەلا خدر عەباسی جیادەبنەوە و پاشان ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان دادەمەزرێنن، ئەمەش زیاتر بووە ھۆی بێ ھێز بوونی.[6] لە ساڵی ١٩٨٤ بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی کار و چاڵاکی و ئامانجەکانیان ڕۆژنامەی تێکۆشانیان دەرکرد و لە ساڵی ١٩٨٥ ڕادوێی دەنگی خەباتیان دامەزراند کە تا ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوو لە پەخشکردن.[7][8] لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەم سازمانەدا ھاتووە کە سازمانی خەبات تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراتی و پەرلەمانی لە کوردستان ھەروەھا مافی دیاریکردنی چارەنووسی بۆ کوردستان پێ پەسەندە و ھەوڵ بۆ بەدەست ھێنانی مافی خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران دەدات.[9] درووشمی ڕووخانی ڕژیم یەکێک لە درووشمە سەرەکی و نەگۆڕەکانی سازمانی خەبات.[10]
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران | |
دامەزران | ١٩٨٠ی زایینی (١٣٥٩ی ھەتاوی) |
پێگەی سەرەکی | باشووری کوردستان (ھەولێر) |
ھەواڵنامە | تێکۆشان |
ئامانج | دامەزراندنی حکوومەتێکی ھەڵبژێردراو و دیموکراتیک و پەرلەمانی لە کوردستاندا |
ناوچەی چالاکییەکان | ڕۆژھەڵاتی کوردستان |
ئایدۆلۆجیا | کوردایەتی (نەتەوەیی و نیشتمانی) |
دروشم | تاستەمم لەسەرە ڕِێی خەباتم لەبەرە (پەژار) |
ماڵپەڕ | سازمانی خەبات |