مافەکانی مرۆڤ
مافە بنچینەییەکانی هەر مرۆڤێک / From Wikipedia, the free encyclopedia
مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک بنچینە یان ڕێسای ڕەوشتین کە لەسەرپێوانەی ئاکاریی مرۆڤەکان ساز کراون و بەگوێرەی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پارێزگارییان لێ دەکرێت.[1] بەگشتی دەتوانین ئەم بنەمایانە بەم شێوەیە ناو بنین کە مافی ڕەوای ھەموو مرۆڤێکن و شیاوی گۆڕین و دەستکاریی نین[2] و بەیەکسانی و بەھۆی مرۆڤبوونی کەسەکەوە (بە تایبەتمەندیی مرۆڤبوونیانەوە بەندە) پێی ڕەوا بینراوە.[3] بێ گوێدانە تەمەن، نەتەوە، ئایین، زمان، ڕەنگ و، ڕەگەز ھەمووان وەکو مرۆڤ ھاوتان.[2] ئەم مافانە لە ھەموو شوێنێک و لە ھەموو کاتێکدا جێبەجێ دەبن بەسەر مرۆڤەکاندا، لە ھەر کوێیەک بن لە جیھاندا، بێ جیاوازی.[4] لە سایەی سەروەریی یاسا و سۆزی مرۆڤانەوە[2][4] چاوەڕوان دەکرێت کە ھەموو پێڕەوی ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤی ھەبێت بۆ مرۆڤەکانی تر،[4] ھیچ کات ئەو مافانە لە مرۆڤ ناترازێن، مافی مرۆڤ بۆ ھەموو کەسێک مافێکی ڕەسەنە و پێوەی لکاوە، مەگەر لە دۆخێکی یاساییی تایبەتی و بە ھۆکاری سەپاندنی لە ڕەوتێکی یاساییدا.[2]
مافەکانی مرۆڤ | |
---|---|
لقی | ماف، پێکھات |
بەشێکە لە | یاسای نێودەوڵەتی |
Foundational text | بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ |
ھاشتاگ | StandUp4HumanRights |
Main regulatory text | پەیماننامەی ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ |
جێبەجێکار | بەرگریکەری مافی مرۆڤ |
Personal library at | University of Minnesota Libraries |
بەستەر | http://data.thenextweb.com/tnw/entity/human_rights |
بنەمای مافەکانی مرۆڤ ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە داڕشتنی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیھانی و ھەرێمییەکاندا.[5] کار و کردەی وڵات و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بنچینەن بۆ پێکھێنانی سیاسەتی گشتی لەسەرانسەری جیھاندا. ھزری مافەکانی مرۆڤ پێشنیارێکە بۆئەوەی «کە بتوانرێت بگوترێت وتاری گشتیی کۆمەڵگا لە سەردەمی ئاشتی و تەباییدا زمانێکی ڕەوشتیی ھاوبەشی ھەیە، ئەویش زمانی مافەکانی مرۆڤە».
تاکوو ئەمڕۆ ڕێڕەوی ئاراستەی مافەکانی مرۆڤ گومان و گفتوگۆی بەردەوامیان لەسەرە، لە ڕووی ناوەڕۆک و سروشتی بەڵگەھێنانەوەی مافەکانی مرۆڤ. واتای تەواوەتی بۆ زاراوەی ماف، گێرمەوکێشەی دروست کردوە، بووە بە بابەتێکی فەلسەفیی درێژخایەن،[6] ھاوکات کۆدەنگیی تەواو ھەیە کە مافەکانی مرۆڤ دەستەیەکی جۆراوجۆرن لە مافەکان،[7] وەکوو بوونی دادگایەکی دادپەروەر، یان پاراستن لە زۆرداری، یان دوورخستنەوە لە کۆمەڵکوژی و زەودکردنی ئازادیی ڕادەربڕین[8] یان مافی فێربوون. ھەندێک ناکۆکی ھەیە لەوەی ئایا ئەم بەندانەش بکرێنە ناو مافەکانی مرۆڤەوە. ھەندێک لە ڕووناکبیرانی مافەکانی مرۆڤ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێویستە ئاستێک دیاری بکرێت بۆ نواندنی کەمترین ماف، تاکو دەستدرێژی بۆ سەر مافەکان نەکرێت و مرۆڤەکان پارێزراو بن، ھەندێکی تر پێیان وایە دەبێت پێوانەی پێچەوانەی ئەمە، واتە بەرزترین ھەبێت.[9][10]
مافی مرۆڤ مافێکی ناوخۆیی یان ناوچەیی نییە، واتە تایبەت نییە بە وڵات و کولتوور و کیشوەرێکی دیاریکراوەوە، بەڵکوو مافێکی گەردوونی و سنووربەزێنە. لە ڕاستیدا شتێک نییە ناوی مافی مرۆڤی کوردی یان عەرەبی، فارسی یان تورکی، ئینگلیزی یان فەڕەنسی، ئەمریکی یان ئەڵمانی بێت. مافێک نییە پێی بگوترێت مافی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و مافی مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی، مافی مرۆڤی ئیسلامی و مافی مرۆڤی مەسیحی، مافی مرۆڤی ھیندۆسی و مافی مرۆڤی جوولەکە، مافی مرۆڤی جیھانی سێیەم و مافی مرۆڤی جیھانی ئەورووپی. ئەوەی ھەیە کۆمەڵێک مافە، بۆ سەرجەم مرۆڤەکانە لە ھەرکوێیەکی ئەم دونیایەدا بن[2]. مرۆڤی نێو جەنگەڵە چڕەکان و مرۆڤی نێو شارە ڕووناک و پێشکەوتووەکان یەک مافیان ھەیە و لە ڕووی مرۆڤبوونەوە ھیچ جیاوازییەکیان نییە.
زۆر لەو ڕووداوە بزوێنەرانەی کە بوونە ھۆی ورووژاندنی مافەکانی مرۆڤ، لە ئاکارەکانی جەنگی جیھانیی دووەم و ڕوودانی ھۆلۆکۆست بوون[11]. لە ساڵی ١٩٤٨دا و لە پەسەندکردنی جاڕنامەی جیھانیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پاریس، باسی مافی مرۆڤ گەیشتە لووتکە و وەرچەرخانێکی بەخۆیەوە بینی کە پێشتر گەلان بۆچوونی تریان لەسەری ھەبوو[12].
لە ئێستادا، مافی مرۆڤ بووەتە ئەو پێوانەیەی کە گەشەکردن و پێشکەوتنی وڵاتانی پێ دەپێورێت. تەنانەت دیدێک ھەیە پێی وایە گرنگ نییە بە چ سیستەمێکی سیاسی وڵات بەڕێوە دەبەیت، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە تا چەند ھاوڵاتییەکانت خاوەنی مافەکانی مرۆڤن و تا چەند سوودیان لەو مافانە وەرگرتووە. ئەو مافانە رۆژانە تا چ ئاستێک لە ژیانی سەرجەم چین و توێژەکاندا رەنگیان داوەتەوە و لە سایەیدا ژیانێکی شەرافەتمەندانە دەژین؟[13].