وەحشی تاسمانی
From Wikipedia, the free encyclopedia
وەحشی تاسمانی یان شەیتانی تاسمانی (بە ئینگلیزی: Tasmanian Devil) (ناوی زانستی: Sarcophilus harrisii)[1] شیردەرێکی توورەکەداری گۆشتخۆرە و لە دارستانەکانی تاسمانیا دەژی. لە ڕابردوودا ئەم گیاندارە لە خاکەکانی ئوسترالیا و تاسمانیا دۆزرایەوە، بەڵام لەگەڵ ھاتنی مرۆڤ، نەوەکەی لە ئوسترالیا لەنێو چوو، دوا نموونەی ئەم گیاندارەش نزیکەی ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر نەما، ھەروەھا تاسمانیا دوورگەیەکی زۆر بچووکترە لە ئوسترالیا، دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵات، بووە تاکە ناوچە بۆ بەردەوامبوون لە مانەوەی ئەم گیاندارە. قەبارەی شەیتانی تاسمانی بەقەد قەبارەی سەگێکی بچووکە و کێشی لە ١٠ کیلۆگرام کەمترە، گەورەترین توورەکەداری گۆشتخۆرە لە جیھاندا، تا ٩٠ سم گەورە دەبێت. بەزۆریی جەستەیەکی ڕەشی ھەیە و ھێڵێکی سپی لە پێشەوەی سنگ و بنی سەریدا ھەیە. ڕیشێکی درێژیان ھەیە کە شەوانە بۆ دۆزینەوەی نێچیر بەکاری دەھێنن. شەیتانەکان توانای بەرھەمھێنانی دەنگی جۆراوجۆر و بەرز و ھاوارێکی ترسناکیان ھەیە، کە وەک ئامرازێک بۆ لابردنی ھەڕەشە یان ڕێگەیەک بۆ پەیوەندیکردن بەکاری دەھێنن.
ناو(ەکان)ی تر | Sarcophilus harrisii |
---|---|
جۆر | شیردەر |
ڕەگەز | «سارکۆفیلۆس» |
شوێنی حەوانەوە | پەناگەکان |
کێش | ١٠ کلیلۆگرام |
باڵا | نزیکەیی ٩٠ سم |
ئەو فشارەی کە چەناگەی ئەم ئاژەڵە دەتوانێت بیخاتە سەر تەنێک لە یەک تۆن زیاترە، کە بۆ شکاندن و وردکردنی ئێسکی نێچیرەکەی بەکاری دەھێنێت. لە کاتی ململانێکاندا، ڕووخساری خراپ و دەنگی ترسناکی شەیتانەکەی تاسمانیا بووە ھۆی ئەوەی دانیشتووانی سەرەتاییی ئەورووپی بە «شەیتان» ناوی ببەن. ئەم ئاژەڵانە گۆشتخۆرن و زۆرجار گۆشت و لاشەی ئاژەڵان دەخۆن. ئەگەر گۆشتیان دەست نەکەوت ئەوا ڕوەک، ماسی، ھێلکەی چۆلەکە و مێرووەکان دەخۆن. شەیتانە تاسمانییە مێینەکان لە کونەدارەکان یان چاڵ و ئەشکەوتەکاندا پەناگە بۆ خۆیان دەدۆزنەوە و لەوێ شیر بە کۆرپەکانیان دەدەن. لە ھەر دووگیانییەکدا بە تێکڕا چوار کۆرپە بۆ ماوەی ١٥ ھەفتە لە توورەکەی دایکەکەدا دەژین.
شەیتانە تاسمانییەکان لە ساڵی ١٩٤١ەوە بە شێوەیەکی یاسایی پارێزراون و لەو کاتەوە ژمارەیان زیادی کردووە، و بەپێی دوایین سەرژمێری لە ساڵانی نەوەدەکاندا ژمارەی شەیتانەکانی تاسمانیا گەیشتووەتە نزیکەی ١٥٠ ھەزار؛ بەڵام دوای ئەوە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی تووش بوو، کە «وەرەمی پەمەیی» پێ دەوترێت، بووە ھۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەو ئاژەڵانە. ئەم نەخۆشییە باوەش لە ڕێگەی پێوەدانەوە لە شەیتانێکەوە بۆ شەیتانێکی تر دەگوازرێتەوە، و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا ئاژەڵەکە دەکوژێت. لە ناوچە چڕ و پڕ دانیشتووەکاندا ڕێژەی مردنی ئەم ئاژەڵانە گەیشتووەتە ٨٠–٩٠٪. مەترسییەکانی دیکەی لەناوچوونی شەیتانی تاسمانی بریتین لە زیادبوونی ژمارەی ڕێوی سوور، کە بە خواردنی بەچکەکانی ئەم ئاژەڵە توورەکەدارە ژمارەی ئاژەڵەکە کەم دەکەنەوە.