ھاوزایەندخوازی
پەیوەندییەکی خۆشەویستی نێوان ئەندامانی ھەمان ڕەگەز / From Wikipedia, the free encyclopedia
هاوزایەندخوازی (پێشووتر هاوڕەگەزخوازی؛ بە ئینگلیزی: Homosexuality) بریتییە لە پەیوەندییەکی ڕۆمانتیکی و سێکسی لە نێوان ئەندامانی ھەمان زایەنددا. ھاوڕەگەزخوازی «نەخشێکی ھەتاھەتایی سەرنجی سۆزداری و سێکسیی و ڕۆمانسییە» لە نێوان ئەندامانی ھاوڕەگەز. ھەروەھا «ئاماژەیەکە بۆ ھەستی شوناسی کەسێک لەسەر بنەمای ئەو سەرنج و ڕەفتارە پەیوەندیدارانە و ئەندامییەتی لە کۆمەڵگەیەک کە ھەمان ھەست تیایاندا ھاوبەشە.»[1][2]
لە پاڵ جیاڕەگەزخوازی[kurdish-alpha 1] و دووڕەگەزخوازیدا، ھاوڕەگەزخوازی یەکێکە لە سێ پۆلە سەرەکییەی خواستی ڕەگەزی[1] زاناکان ھۆکاری سەرەکیی خواستی ڕەگەزی نازانن، بەڵام پێیان وایە بەھۆی کاریگەرییەکی دوولایەنەی بۆماوەیی و ھۆرمۆنییەوە دروست دەبێت، لە پاڵ ئەوانیشدا، کاریگەری کۆمەڵگا لەوانەیە ڕۆڵێک بگێڕێت.[3][4][5] زاناکان پێیان وانییە ھاوڕەگەزخوازی ھەڵبژاردەی کەسەکە خۆی بێت.[3][4][6] ھەرچەندە ھیچکام لە بیردۆزەکان پاڵپشتییەکی گشتییان نییە، بەڵام زاناکان پشت بەو بیردۆزانە دەبەستن کە لە سایەی ژینناسیدا ھاتوونەتە ئاراوە[3] و دەچنەوە سەر ھۆکارە بۆماوەیییەکان.[7][8] ھیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو یان پشتگیراو لەلایەن زانستەوە نییە ئەوە بسەلمێنێت کە خێزان و تەمەنی منداڵی کاریگەرییان لەسەر خواستی ڕەگەزی ھەیە.[7] ھەرچەندە ھەندێک خەڵک پێیان وایە کە ھاوڕەگەزخوازی کردارێکی نا-سروشتییە، بەدواداچوونی زانستی سەلماندوێتی کە ھاوڕەگەزخوازی جیاوازییەکی ئاسایی و سروشتییە و دەرئەنجامێکی خراپ یان نەخۆشیی دەروونی نییە،[1][9] خۆیشی لە خۆیدا شتێکی خراپ نییە. بەڵگە و لێکۆڵینەوەی پێویست لەبەردەستدا نییە ئەوە بسەلمێنێت کە دەستێوەردانی دەروونی توانای گۆڕینی خواستی ڕەگەزی ھەیە.[10]
باوترین ئەو دەستەواژانەی کە بۆ کەسانی ھاوڕەگەزخواز بەرکاردەھێنرێن لێزبیان[kurdish-alpha 2] و گەین،[kurdish-alpha 3] بەڵام گەی بە شێوەیەکی بەرچاو و دیار بۆ ئاماژەکردن بە ھەردوو مێ و نێرە ھاوڕەگەزخوازەکان بەکاردەھێنرێت. ئەستەمە زاناکان بتوانن بە وردیی یاخود بە نزیککراوەیی ڕێژەی سەدیی کەسانی ھاوڕەگەزخواز یاخود ئەوانەی کرداری سێکسییان لەگەڵ ئەندامانی ھەمان دیاری بکەن، لەبەر چەند ھۆکارێک، لەوانە؛ کەسانی ھاوڕەگەزخواز نایانەوێت شوناسی خۆیان ئاشکرابکەن، بەھۆی ئەو ھۆمۆفۆبیا و جیاکاری و کینە و توندڕەوی کە لەوانەیە، بەتایبەتی لە دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا ڕووبەڕوویان ببێتەوە.[11] ڕەفتاری ھاوڕەگەزخوازی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئاژەڵانیشدا بینراوە و دیاری کراوە.[12][13][14][15]
زۆرێک لە گەی و لێزبیانەکان، ھەر وەک جیاڕەگەزخوازەکان، لە پەیوەندیی خۆشەویستی و ھاوسەرگیری پاک و دروست دان.[kurdish-alpha 4] ھەرچەندە ماوەیەکی کەمیشە سەرژمێریی دانیشتووان ئەوان لە ئاماری ھاوسەرگیری و پەیوەندییەکاندا پیشان دەدات.[16] پەیوەندییەکانی نێوان ھاوڕەگەزخوازان لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە ھەر وەک ھی جیاڕەگەزخوازەکان وایە و ھیچ جیاوازییەکیان تێدا بەدی ناکرێت.[2] کرداری ھاوڕەگەزخوازی بە درێژایی مێژوو ھەبووە و ھەندێک جار پەسەند کراوە و ھەندێک جاری تریش بەپێی ئەو کۆمەڵگەیەی ئەو کەسانەی تێدا ژیاون ئەم دیاردەیە نەفرینی لێکراوە.[17] لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە، جووڵە جیھانییەکان بۆ داواکردنی مافی یاسایی بۆ ھاوڕەگەزخوازان زیادی کرد. داواکارییەکانیان بریتیبوون لە دەستەبەرکردنی مافی شارستانی و ھاوسەرگیری و پاراستن و بەخێوکردنی مناڵە بێسەرپەرشتەکان و پاراستنیان لە توندوتیژی. لە ئێستادا ھیچ مافێک لەلایەن حکوومەتی ئێراق و ھەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی بۆ ھاوڕەگەزخوازان دانەندراوە، ئێن ئاڕ تی لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ھاوڕەگەزخوازان ئەمەی دڵنیا کردووەتەوە.[18] لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ھاوڕەگەزخوازان بە ھەڵە لەگەڵ لەشفرۆشەکان و مناڵباز و نێربازاندا تێکەڵ دەکرێن، بە تایبەتی ھاوڕەگەزخوازە نێرەکان یاخود گەیەکان،[18] زۆرجار وەک سووکایەتییەک پێیان بە «ھەتیوباز»یان «دوودەگی» بانگ دەکرێن، بەڵام لەڕاستیدا ھاوڕەگەزخوازی ھیچ پەیوەندییەکی بە لەشفرۆشی و مناڵبازی و نێربازییەوە نییە و پەیوەندییەکی ڕۆمانسی و سۆزدارانەی نێوان دوو مرۆڤی پێگەیشتووە.