سەردەشت
شارێک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان / From Wikipedia, the free encyclopedia
سەردەشت شارێکە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە باشووری ڕۆژاوای پارێزگای ورمێ ھەڵکەوتووە. ئەو شارە ناوەندی شارستانی سەردەشتە و یەکێک لە شارەکانی ناوچەی موکریان ھەژمار دەکرێت. سەردەشت لە نزیکی سنووری ئێران و عێراقدا ھەڵکەوتووە و لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاوسنوورە.[10] ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارە لە ساڵی ٢٠١٦، بەرامبەر لەگەڵ ٤٦٬٤١٢ کەس لە ١٢٬٥٥١ خێزاندا بووە.[6] شارەکە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و ھەروەھا لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بۆ ماوەیەک لەژێر دەستەڵاتی کورداندا بووە.[11][12] سەردەشت بەپێی ژمارەی دانیشتووان، ١١ەمین شاری پارێزگای ورمێ، ٢٣ەمین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ١٩٧ەمین شاری ئێرانە. خەڵکی سەردەشت کوردن و بە کوردیی ناوەندی و شێوەزاری موکریانی دەدوێن. ھەروەھا زۆربەی خەڵکی شارەکە پەیڕەوی ئایینی ئیسلام و مەزھەبی سوننەی شافعین.[13]
سەردەشت
سردشت | |
---|---|
ناسناو(ەکان): | |
پۆتانەکان: 36.1568°N 45.4764°E / 36.1568; 45.4764 | |
وڵات | ئێران |
ھەرێم | ڕۆژھەڵاتی کوردستان |
پارێزگا | ورمێ |
شارستان | سەردەشت |
ناوچە | ناوەندی |
ھاوناو | شاری لەدایکبوونی زەردەشت یان شوێنک کە لەسەر دەشت ھەڵکەتووە |
دەسەڵات | |
• جۆر | شارەوان–ئەنجومەن |
• سەرۆکی شارەوانی | محەممەدڕەزا سەعیدزادە[5] |
• ئەندامانی ئەنجومەنی شار |
|
ڕووبەر | |
• سەرجەم | ٧٫٣ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢٫٨ میلی چوارگۆشە) |
بەرزایی | ١٤٨٠ مەتر (٤٬٨٦٠ پێ) |
ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٦) | |
• سەرجەم | ٤٦،٤١٢ کەس[6] |
• مەزندە (٢٠٢١) | دەوروبەری ٥٠،٠٠٠ کەس[7][kurdish-alpha 1] |
• چڕی | ٦٤٠٠ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٧٬٠٠٠ کەس لە میلی چوارگۆشە) |
سەرناوی دانیشتوو | سەردەشتی |
زمان و ئایین | |
• زمان | کوردی (سۆرانی) |
• ئایین | ئیسلام (سوننە) |
ناوچەی کاتی | +٣:٣٠ |
کۆدی پۆستەی ١ | ٥٩٨٩١[8] |
کۆدی پۆستەی ٢ | ٥٩٦١١[9] |
کۆدی تەلەفۆن | ٠٤٤ |
وێبگە | فەرمانداریی سەردەشت |
سەردەشت لە تەنیشتی کێوی گردەسوور، لەسەر زنجیرەچیاکانی زاگرۆس و لە نزیکی سەرچاوەیەکی ئاوی ھەڵکەوتووە. بەشێکی زۆری ئاوی خواردنەوە و ئاوی جووتیاریی شار لەو سەرچاوەیە دابین دەبێت کە ئاوەکەی لە کێوی گردەسوور و کێوە سنوورییەکانەوە دێتە خوار.[14] سەردەشت خاوەنی ژینگە و سروشتێکی بەرچاوە کە بووەتە ھۆی ئەوەی کە نازناوی بەھەشتی کوردستانی پێبدرێت.[1][2] ئەو شارە بە کەشوھەوایەکی تاڕادەیەک سارد و فێنک، لە درێژەی ساڵدا بەفر و بارانبارینێکی زۆر دەیگرێتەوە و زۆر جاران لە ڕیزی یەکەمی بارینی پارێزگادا جێ دەگرێت.[15] سەردەشت خاوەنی مێژووێکی کۆن و دێرینە کە کۆنترین ئاسەواری دۆزراو لەو شارە، مێژووکەی بۆ ٦ ھەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.[16][17][18]
ئەو شارە لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا. شاری سەردەشت کەوتووەتە باشووری شارەکانی پیرانشار و مەھاباد و ھەروەھا دەکەوێتە ڕۆژاوای بانە و باشووری ڕۆژاوای بۆکان. ھەروەھا سەردەشت دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی قەڵادزێ و پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان.[19] شاری سەردەشت ١٢٠ کیلۆمەتر لە مەھاباد، ٢٢٥ کیلۆمەتر لە ورمێ، ٧٤٠ کیلۆمەتر لە تاران، ١٨٩ کیلۆمەتر لە ھەولێر و ٣٥ کیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە.[20]
سەردەشت سەرەتا وەکوو ناوەندی ناوچەی سەردەشت بەشێک لە شارستانی مەھاباد بوو، بەڵام دواتر بەھۆی ھەندێک بواری سیاسی و سەربازییەوە لە ساڵی ١٩٤٣ و ھاوکات لەگەڵ جەنگی جیھانیی دووەم، چووە ناو سنوورەکانی شارستانی سنە لە پارێزگای کوردستان. لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا، ناوچەی سەردەشت لە شارستانی سنە جیا کرایەوە و خۆی بووە شارستانێکی سەربەخۆ کە ناوەندەکەی ھەتا ئێستا شاری سەردەشتە.[21]