نیل دیگراس تایسۆن
ئەستێرەناس / From Wikipedia, the free encyclopedia
نیل دیگراس تایسۆن (بە ئینگلیزی: Neil deGrasse Tyson)، (لەدایکبووی ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨) ئەستێرەناسی فیزیایی، گەردوونناس، زانای ھەسارەکان، نووسەری زانستیی ئەمریکییە. لە ساڵی ١٩٩٦ەوە، وەک بەڕێوبەری فرێنک پ. ڕۆز لە ھایدن پلانتێرییەم لە سەنتەری ڕۆز بۆ زەوی و بۆشایی ئاسمان لە شاری نیویۆرک کاریکردووە. ئەو سەنتەرە بەشێکە لە مۆزەخانەی ئەمریکی بۆ مێژووی سروشتیی، کە تایسۆن لە ساڵی ١٩٩٧ بەشی ئەستێرەناسی فیزیایی تێیدا دامەزراند و تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ وەک توێژەر لەوێ کاری لەو بەشە کردووە.[1]
تایسۆن لە زانکۆی ھارڤارد، زانکۆی تێکساس لە ئۆستن ، و زانکۆی کۆڵۆمبیا خوێندوویەتی. لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٤ وەک توێژەری پۆست دکتۆرا لە زانکۆی پرینستۆن کاریکردووە. لە ساڵی ١٩٩٤ وەک کارمەند بەناونیشانی زانا بەشداری ھایدن پلانتاریۆمی کرد و و وەک لێکۆڵەرێکی میوان و وانە بێژ لە زانکۆی پرینستۆن کاری کرد. لە ساڵی ١٩٩٦ بوو بە بەڕێوەبەری پلانتیریۆم و چاودێری پڕۆژەی ٢١٠ میلیۆن دۆلاری دووبارە بنیاتنانەوە دەکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٠ تەواو بوو.
لە ساڵی ١٩٩٥ تاکو ٢٠٠٥ تایسۆن وتاری مانگانەی لە گۆشەی «گەردوونیی» بۆ گۆڤاری (مێژووی سروشت) دەنوسی، کە دواتر ھەندێکیانی لە ھەردوو کتێبی (death by black hole 2007) و (astrophysics for people in a hurry 2017) بڵاوکردەوە. ھەر لەم ماوەیەدا، گۆشەیەکی مانگانەی لە ڕۆژنامەی StarDate دەنووسی، کە تێیدا وەڵامی پرسیارەکانی دەربارەی جیھان دەداوە لە ژێر نازناوی «مارلین».[2]
چەند بابەتێک لە گۆشەکە لە ھەردوو کتێبەکانی خۆی Marlin’s Tour of the universe (1998) و Just visiting this planet (1998) بڵاو کرانەوە. تایسۆن یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەیەکی حکومی لە ساڵی ٢٠١١ دەربارەی داھاتووی بواری بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٤ یش یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەی (مانگ و مەریخ و دوورتر).
لە ھەمان ساڵدا مەدالیای تایبەتیی لەبواری خزمەتی کاروباری گشتیلە لایەن ناسای پێبەخشرا. لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١١، بەرنامەی تەلەفزیۆنی NOVA ScienceNow ی لە کەناڵیPBS پێشکەشکرد. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، تایسۆن پۆدکاستی ھەفتانەی StarTalk پیشکەشدەکرد. ھەروەھا بەرنامەیەک بەناوی StarTalk لە ناشناڵ جیۆگرافیکدا دەست بە پەخشکردنی کرا لە ٢٠١٥.[3]
لە ساڵی ٢٠١٤، زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی گەردونی بەناوی کۆسمۆس: A Spacetime Odyssey لە دوای زنجیرەی «کارل ساگان» ی گەردوونی: A Personal Voyage 1980 پێشکەش دەکرد.