باشووری کوردستان
پارچەیەکی کوردستان / From Wikipedia, the free encyclopedia
باشووری کوردستان[1][2][3][4] یان کوردستانی باشوور ناوێکی فەرمییە بۆ بەشێکی وڵاتی عێراق کە دانیشتووانی کوردن و سنووری لەگەڵ ئێران (ڕۆژھەڵاتی کوردستان)، تورکیا (باکووری کوردستان) و سووریا (ڕۆژاوای کوردستان) ھەیە[5][6] و لە باشووری کوردستاندا ھەڵکەوتووە. کوردستانی باشوور تەنیا پارچەیەکی کوردستانە کە خاوەنی ھەرێمێکی ئۆتۆنۆمی بە ناوی ھەرێمی کوردستانە کە بەشێکی زۆری ناوچەکانی باشووری کوردستان دەگرێتەوە و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبردرێت. ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی خۆسەرە و لە دەستووری عێراقدا دانپێدانراوە.[7] ئەم بەشەی کوردستان چەند شارێکی گەورەی وەک: ھەولێر،[8] و سلێمانی، و دھۆک و ھەڵەبجە و کەرکووک لە خۆ دەگرێت، ژمارەی دانیشتوانی باشوری کوردستان نزیکەی ٨ ملیۆن کەسە و ٢ ملیۆن کوردیش لە ناوەڕاست و باشوری عێراق ئەژین
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر تەواوی خاکی باشووری کوردستان درووست نەبووە، بەڵکو زۆرێک لە خاکەکەی ماوە بخرێتەوە سەری، بەم خاکەش دەوترێت ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەی جێناکۆکن، و لە دەستووری عێراقدا باسی ئەم ناکۆکییە کراوە و بە (ماددەی ١٤٠) ناوی دەھێندرێت، کەواتە باشووری کوردستان پێکھاتووە لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. بەھۆی سیاسەتی چەوتی حیزبی بەعس بە گۆڕینی دیمۆگرافیای خاکی باشووری کوردستان و بە عەرەباندنی، ھەروەھا سستی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییەدا تاوەکوو ئێستا ئەم کێشەیە وەک خۆی ماوەتەوە.