ڤیگنیزم
جۆری خۆراک و شێوازی ژیان / From Wikipedia, the free encyclopedia
ڤیگنیزم (بە ئینگلیزی: Veganism) پێکھاتووە لە ھەردووک ژەمەخۆراک و فەلسەفەی پاراستنی مافی ئاژەڵان کە بەکارھێنانی بەرھەمی ئاژەڵان ڕەت دەکاتەوە. شوێنکەوتووی ھەر کامێک لە ژەمە خۆراکییەکە و فەلسەفەکە بە ڤیگن ناسراون.
ڤیگنیزم | |
---|---|
چۆنێتی خوێندنەوە | /ˈviːɡən/ VEE-gən |
پێناسە | لەناوبردرنی بەکارھێنانی بەرھەمە ئاژەڵییەکان |
کۆنترین لایەنگران | |
داھێنەری ناو | دۆناڵد واتسن ١٩٤٤ |
ھەندێک جار جیاکاری دەکرێت لە بەشەکان ڤیگنیزم، ڤیگنە خۆراکییەکان ڕەتی دەکەنەوە کە بەرھەمی ئاژەڵان بە ھیچ جۆرێک بەکاربھێنن. ئەمە نەک تەنھا گۆشت دەگرێتەوە بەڵکو ھێلکەو خۆراکە سپیاتییەکانیش لەخۆ دەگرێت (وەک ماست، پەنیر، شیر و ھەموو ئەو بەرھەمانەی شیری تێدا بەکاردێت) ھەندێک لە ڤیگنە خۆراکییەکان بەلایانەوە پەسەندە شتومەک بەکاربھێنن کە پاشماوەی ئاژەڵانی تێدا بەکارھاتووە وەک چەرم و خوری[7][8][9] ئەو کەسانەی کە لە فەلسەفەکە قوڵتر دەبنەوە و دەیھێننە ژیانی ڕۆژانەی خۆیانەوە و لە ڤیگنی خۆراکیی لادەدەن و ڕەتی دەکەنەوە کە ھیچ بەرھەمێکی ئاژەڵی بۆ ھیچ مەبەستێک بەکاربھێندرێت (بە پاشماوەکانیشەوە) پێیان دەوترێت ڤیگنی ئاکاری. وە ھەروەھا ڤیگنی ژینگەیی ھەیە کە ڕەتی دەکەنەوە بەرھەمە ئاژەڵییەکان بەکاربھێندرێت لەبەر ئەوەی زیان بە ژینگە دەگەێنێت.
ناوی ڤیگن لە ساڵی ١٩٤٤دا لەلایەن دۆناڵد واتسنەوە داھێنراوە، ئەو کاتەی کە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی ڤیگنی لە ئینگلتەرادا دامەزراند. لە سەرەتادا ئەمە بە واتای «ڕووەکخۆری بێ سپیاتی» دەھات و دواتریش بووبە «ڕێبازی ژیانی مرۆڤ بەبێ سوودوەرگرتن لە ئاژەڵان.»[10] ئارەزوو بەرەو ڤیگنیزم زیادی کرد لە ٢٠١٠دا؛ مارکێتی ڤیگنی زیاتر کرایەوە، وە ھەڵبژاردەی ڤیگن لە زۆرێک لە سوپەرمارکێت و خواردنگەکانی جیھان ھاتنە بەردەست.
خواردنە ڤیگنییەکان ڕێژەیەکی زیاتر لە مەنگیسیوم، ترشی فۆلیک، ڤیتامین سی، ڤیتامین ئی، ماددەی ئاسن وە فایتۆکێمیکاڵسیان تێدایە وە ڕێژەیەکی کەمتریان لە چەوری و کۆلێسترۆڵ و ترش و چەوری ئۆمێگا-٣، ڤیتامین دی، کەلسیۆم، زینک و ڤیتامین بی-١٢ تێدایە. ئەگەر بەشێوازێکی ڕێک ژەمەکان ڕێکبخرێن ئەم جۆرە خۆراک خواردنە دەتوانێت لە زۆرێک لە نەخۆشی و ئازار بتپارێزێت بەتایبەتی نەخۆشی دڵ. ژەمە ڤیگنەکان بە ژەمێکی شیاو ھەڵبژێردراوە بۆ ھەموو سوڕەکانی ژیان لەلایەن پەیمانگایی ئەمریکی نیوتریشن و دایەتیکس، تەندروستی نەتەوەیی ئوسترالیا، کۆنسۆڵی بەدواداچوونی مێدیکی وە دایەتیشینس ئۆف کەنەدا. لەبەر ئەوەی ژەمە ڤیگنییەکان ھیچ ڤیتامینێکی بی-١٢ نابەخشێت (کە وردەئۆرگانیزمی وەک بەکتریا بەرھەمیان دەھێنێت)، پزیشک و شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە قەرەبووی بۆ بکرێتەوە بە یاخود خواردنی حەپی ڤیتامینی بی-١٢ یاخود خۆراکە تایبەتە ڤیگنەکان بخۆن کە ئەو ڤیتامینەی تێکراوە.