ئارکیمیدز
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئەرخەمێدسی کوڕی سێرەکیوس (یۆنانی کۆن: Ἀρχιμήδης، ڕۆمانی: Arkhimḗdēs، یۆنانیی دۆری [ar.kʰi.mɛː.dɛ̂ːs];، ٢٨٧ پێش زایین - ٢١٢ پێش زایین) بیرکاریناس، فیزیاناس، ئەندازیار، داھێنەر و گەردوونناسێکی یۆنانی بوو. ئەگەرچی شتگەلێکی کەم لەبارەی ژیانییەوە زانراوە، ئەو بە یەکێک لە زانا پێشڕەوەکانی چاخی کلاسیک دادەنرێت. بە گشتی بە مەزنترین بیرکاریزانی چاخی کلاسیک و یەکێک لە مەزنترینی ھەموو سەردەمەکان دادەنرێت. ئەرخەمێدس پێشبینی جیاکاری و تەواوکاریی و شیکاریی مۆدێرنی کرد بە جێبەجێکردنی بنچینەی نەژمێردراوەکان و شێوازی دۆزینەوەی ڕووبەری ھاوکێشە بۆ دەرھێنان و بە وردیی سەلماندنی ژمارەیەک تێۆری ئەندازەیی لەوانە ڕووبەری بازنە، ڕووبەری ڕوو و بارستایی تەنی گۆیی و ڕووبەری ژێر چەماوە.[1]
ئارکیمیدز Archimedes (یۆنانی: Ἀρχιμήδης) | |
---|---|
لەدایکبوون | ٢٨٧ پ. ز سیراکوز - ئیتالیا |
مردن | ٢١٢ پ. ز |
نیشتەجێ | سیراکوز |
نەتەوە | یۆنانی |
بواری زانستی | بیرکاری، فیزیا، ئەندازە، گەردوونناسی، داھێنان |
ناسراو بە ھۆی | یاسای ئارکیمیدزیاسای ئارکیمیدز |
دەستکەوتە بیرکارییەکانی دیکەی بریتی بوون لە دەرھێنانی وردیی ڕێژەی پای، دیاریکردن و لێکۆڵینەوەی لولەک کە بە ناوی ئەرخەمێدس خۆیەوە ناونرا و دروستکردنی سیستمێک بە بەکارھێنانی توان بۆ دەرخستنی ژمارەی گەورە. ھەروەھا یەکێک بوو لە یەکەمینەکان بۆ پراکتیزەکردنی بیرکاری لە دیاردەی فیزیاییدا، دۆزینەوەی گیراوەی نەگۆڕ و سەرژمێری، بە شیکردنەوەیەک بۆ بنەمای بەرزکەرەوەشەوە. ئەو بەناوبانگە بە دیزاین کردنی ئامێری وەکو پەمپی ئاو، بەرزکەرەوەی قورسایی، ئامێری بەرگریی جەنگیی بۆ پاراستنی شارەکەی، سێراکیوز، لە داگیرکردن.[2][3]
ئەرخەمێدس لەمیانەی دەستبەرسەراگرتنی سێراکیوزدا کۆچی دوایی کرد پاش ئەوەی لەلایەن سەربازێکی ڕۆمانییەوە کوژرا سەرەڕای ئەوەی فەرمانی ئەوەی پێکرابوو کە نابێت ئازاری پێ بگەیەنرێت. سیسرۆ ئەوە دەگێرێتەوە کە کاتێک سەردانی گۆری ئەرخەمێدسی کردووە، گۆڕەکەی سەرڕێژ کراوە بە گۆ و لولەک، کە داواکاریی ئەرخەمێدس خۆی بووە کە لەسەر کێڵەکەی دابنرێت وەک دەرخەری دۆزینەوە بیرکارییەکانی.[4]
جیاواز لە داھێنانەکانی، نووسینەکانی ئەرخەمێدس لە بواری بیرکارییدا زۆر کەم ناسراو بوون لە چاخی کلاسیکدا. بیرکاریزانانی سەردەمی ئەلیکساندەر دەیانخوێندەوە و لێیان وەردەگرت بەڵام یەکەم کۆکردنەوەی تەواو و گشتگیری نووسینەکانی لە ساڵی ٥٣٠ پاش زایین لە لایەن ئیزیدۆری کوڕی میڵێتیسەوە لە قوستەنتینییەی بێزەنتی ئەنجامدرا لەکاتێکدا سەرنج لەسەر کارەکانی ئەرخەمێدس کە لە لایەن یوتۆشییەسەوە و لە سەدەی شەشەمی پاش زاییندا نووسرا، بۆ یەکەمجار بازنەی خوێندنەوەی کارەکانی فراوانتر کرد. ئەو چەند لەبەرگیراوەیەی نوسینەکانی ئەرخەمێدس کە لە چاخەکانی ناوەڕاستەوە مابوونەوە، سەرچاوەیەکی کاریگەر بوون بۆ زانایان لە سەردەمی ڕێنیسانسدا، لە کاتێکدا دۆزینەوەی چەند کارێکی ئەرخەمێدس لە ساڵی ١٩٠٦ دا کە پێشتر نەزانرابوون لە کتێبی Archimedes Palimpsest دا دەرچەی تری خستە ڕوو لە بارەی ئەوەی کە چۆن گەیشتووە بە دەرئەنجامە بیرکارییەکانی.[5]