ئاو
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئاو ئاوێتەیەکی نائەندامییە بە ھاوکێشەی کیمیاییی H2O. بێڕەنگ و بێتام و بێبۆنە. ماددەیەکی کیمیاییی تا ڕادەیەک بێڕەنگە و پێکھێنەرە سەرەکییەکەی ئاوەگۆی زەوی و شلەکانی ھەموو بوونەوەرە زیندووە ناسراوەکانە (کە تێیاندا وەک توێنەر ھەڵسوکەوت دەکات[1]). ئاو سەرەڕای ئەوەی وزەی خۆراکی یان وردەخۆراکە ئەندامییەکان دابین ناکات، بەڵام بۆ ھەموو شێوازە ناسراوەکانی ژین زۆر گرنگە. H2O کە ھاوکێشە کیمیایییەکەیەتی، دەرخەری ئەوەیە کە ھەر گەردێکی ئاو، یەک گەردیلە ئۆکسجین و دوو گەردیلەی ھایدرۆجینی تێدایە کە بە بەندە ھاوھێزەکان پێکەوە گرێ دراون. گەردیلەکانی ھایدرۆجین بە گۆشەی ١٠٤٫٤٥° بە گەردیلەکەی ئۆکسجینەوە لکاون.[2] ھەروەھا «ئاو» ناوی دۆخی شلیی H2Oیە لە پەستان و پلەی گەرمیی پێوانەدا.