نەوت
ماددەیەکی سروشتییە / From Wikipedia, the free encyclopedia
نەوت یان پێترۆل (ئینگلیزی: Petroleum) تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە ھایدرۆکاربۆنی جیاواز، لە پێکھێنەکانیاندا جیاوازن، بە شێوەیەکی فراوان وەک سەرچاوەیەکی سووتەمەنی بەرکاردێت.
نەوت ماددەیەکی سروشتییە لە چینەکانی خوارەوەی زەویدا ھەیە و لەوێدا دەردەھێنرێت و کاتێ لەو چینانەوە دەردەھێنرێت ناودەبرێت بە نەوتی خاو، کە دوای بە پڕۆسەی پاڵاوتندا دەڕوات کە پڕۆسەیەکی تەواو کیمیاویە و لێوەرگیراوەی ھەمەجۆری لێوە دەردەھێنرێت.
زۆرینەی پێکھاتەکەی کاربۆن و ھایدرۆجینە، و نەوت بەپێی شوێنەکەی ڕەنگ و جۆرایەتی تایبەتمەندییەکەی دەگۆڕێت.
نەوت لە پۆلی سوتەمەنییە بەردینەکاندایە، بەھۆی پێکھاتنی لەژێر چینی قوڵای زەویدا لە ڕێژەیەکی زۆری زیندەوەرە لەناوچووەکان (بەردینەکان) وەک داینەسوڕەکان کە لە چینەکانی خوارەوەی زەویدا شیبونەتەوە بەھۆی نەبونی ئۆکسجین و بوونی پلەیەکی بەرزی گەرمی.
وەک پێشتر باسمان کرد نەوت لە چینەکانی خوارەوەی زەویدا ھەن و لەڕێی بیرە نەوتییەکانەوە نەوت دێنینە سەر زەوی، کە پێویستی بە پڕۆسەیەکی تەواو وردە بۆ دیاریکردنی شوێنی بیرەکە کە جیۆلۆجی زانەکان ھەڵدەستن بەو کارە بۆ زانینی قوڵایی بیرەکەو بڕی نەوتەکە تێیدا.
نەوت سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ وزە، بەھۆی گرنگییە ئابورییەکەیەوە ناسراوە بە «ئاڵتونی ڕەش». بەشێوەیەکی گشتی نەوت لە کارەکانی ڕۆژانەماندا بەکاردێت ئەو ئۆتۆمبێلەی کارەکانمان بۆ ڕای دەکات، فڕۆکە کە دوورترین شوێنەکانمان بۆ نزیک دەکاتەوە، کەشتییە بارھەڵگرەکان، کارگەکان، وێستگەکانی دروستکردنی کارەبا، لە دروستکردنی زۆر شتی دیکەشدا بەکاردەھێنرێت بە شێوەیەکی سەرەکی کە گرنگترینیان جلوبەرگ و دەرمانە.
ناوچە عەرەبییەکان وکوردستان یان دەتوانین بڵێین ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەمەندە بەم سەرچاوە سروشتییە، ھەربۆیە ناوچەکە ناسراوە بە شادەماری وزەی جیھان، بۆ گواستنەوەش زیاتر پشت دەبەسترێت بە بۆری یاخود کەشتییە بارھەڵگرەکان، لەگەڵ بەرەوپێشچونی مرۆڤایەتی لە زۆربەی بوارەکاندا ئەوا مرۆڤایەتی زیاتر و زیاتر پێویستی بەم سەرچاوەیە ھەیە تاوەکو کەلێنەکانی وزەی پێپڕبکاتەوە، و یاریکردنی نرخی نەوت جوڵەیەکی بازرگانی گەورەی لە جیھاندا دروستکردووە کە لەگەڵ بەرزکردنەوە یان دابەزاندنی بڕی بەرھەم ھێنانی نەوت ئەوا نرخەکەشی کەم وزیاد دەکات.
زۆر بەکارھێنانی سوتەمەنی بەبەردبوو بە گشتی و نەوت بەتایبەتی کاریگەری نەرێنی خستووەتە سەر ژینگەی زەوی، و سووتانی ئەم سوتەمەنییە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر گەرمبونی زەوی، ھەربۆیە زانایان چەندین وزەی دیکەیان بۆ شوێنگرەوەی نەوت دەستنیشان کردووە لەوانە «وزەی ئەتۆمی، با، تیشکی خۆر، گەرمی، کیمایی» چەندانی دیکە.