پرۆتین (خۆراک)
From Wikipedia, the free encyclopedia
پڕۆتین خۆراکێکی سەرەکییە بۆ لەشی مرۆڤ.[1] یەکێکە لە یەکە بنیاتنەرەکانی شانەکانی لەش ھەروەھا دەکرێت وەکو سەرچاوەیەکی وزە کار بکات. وەکو سەرچاوەیەکی وزە، پرۆتین وەکو کاربۆھیدرات چڕییەکی وزە دابین دەکات: ٤ کیلۆ کالۆری (١٧ کیلۆجول) بۆ ھەر گرامێک؛ لەلایەکی دیکەوە چەوری ٩ کیلۆکالۆری (٣٧ کیلۆجول) بۆ ھەر گرامێک. گرنگترین لایەنی پرۆتین و دیارترین تایبەتمەندی لە لایەنی خۆراکییەوە پێکھاتە ترشە ئەمینییەکەیەتی.[2]
پرۆتین زنجیرەیەکە لە ترشی ئەمینی کە بەیەکەوە بەستراون بە بەندی پێپتایدی. لە کاتی ھەرسکردن لەلایەن مرۆڤەوە، پرۆتینەکان لە گەدە دا تێکدەشکێنرێن بۆ بۆ زنجیرەی پێپتایدی بچووکتر بەھۆی فەرمانی ترشی ھایدرۆکلۆریک و پرۆتییەز. ئەمەش گرنگە بۆ ھەلمژینی ترشە ئەمینییە پێویستەکان کە ناتوانرێت لەلایەن لەشەوە دروست بکرێت.[3]
نۆ ترشی ئەمینی پێویست ھەیە کە مرۆڤ دەبێت لە خواردنەوە دەستی بکەوێت بۆ ئەوەی تووشی بەدخۆراکی وزەی-پرۆتین و مردن نەبێت. کە ئەوانیش فینایلئەلەنین، ڤالین، ثریۆنین، تریپتۆفان، میثایۆنین، لیوسین، ئایزۆلیوسین، لایسین، و ھیستیدین.[2][4] مشتومڕ ھەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا ٨ یان ٩ ترشی ئەمینی پێویست ھەیە.[5] ڕەزامەندی زیاتر بە لایەنی ٩ یە چونکە ھیستیدین لە کەسانی پێگەیشتوودا دروست ناکرێت.[6] پێنچ ترشی ئەمینی ھەیە کە مرۆڤ دەتوانێت لە لەشیدا دروستی بکات. ئەم پێنج ترشە بریتین لە ئەلەنین، ترشی ئەسپارتیک، ئەسپاراجین، ترشی گڵوتامیک، ھەروەھا سیرین. ٦ ترشی ئەمینی ھەیە کە دروستکردنەکەیان لە ھەندێ حاڵەتدا کەم دەبێتەوە و دەبنە پێویست، وەک لە حاڵەتی لەدایکبوونی پێشوەختی لە کۆرپەلەدا و ئەو کەسانەی لەژێر فشرارێکی زۆری تێکشکاندنی لەشدان. ئەم شەشە بریتین لە ئارجینین، سستین، گڵایسین، گڵوتامین، پڕۆلین و تایرۆسین.[2] سەرچاوە خۆراکییەکانی پرۆتین بریتین لە گۆشت، شیرەمەنی، ماسی، ھێلکە، دانەوێڵە، پاقلەمەنی، گوێز،[7] و ئەو مێروانەی کە دەخورێن.