ژمارە
From Wikipedia, the free encyclopedia
ژمارە شتێکی ماتماتیکییە کە لە ئەژماردن و پێوان و نیشانەلێداندا بە کار دەڕوا. سەرەتاییترین نموونەکانی، ژمارەگەلی خۆزایین، واتە ۱، ۲، ۳، ۴ و ھەر ئاوەھا.[1] نوێنەری ژمارە لە زماندا وشارەیە، واتە وشەیەک کە چەندایەتییەکی ژمارەیی وەسف دەکات. ھەر ژمارەیەک بە سیمبۆلێک نیشان دەدرێ کە پێی دەڵێن ژماراڵ. بۆ وێنە، «۵» ژماراڵێکە بۆ نواندن و نیشاندانی ژمارەی پێنج. لەبەر ئەوە کە تەنیا دەتوانرێ ژمارەیەکی کەم تا زۆر چکۆلە لە سیمبۆلەکان لە بەر بکرێن و لە مێشکدا ڕابگیردرێن، ئاسایییە کە ژماراڵە بنچینەیییەکان لە سیستمێکدا ڕێک بخرێن تا ڕێگایەکی ڕێکوپێک دروست بێت بۆ نواندن و نیشاندانی ھەر ژمارەیەک. باوترین سیستمی ژماراڵ، سیستمی ژماراڵی ھیندی-عەرەبییە کە ڕێگە دەدا ھەر ژمارەیەک بە بەکارھێنانی ئاوێتەیەک لە دە سیمبۆلی ژمارەیی، کە ڕەقەمیان پێ دەوترێ، بنوێنرێ و نیشان بدرێ.[2] جیا لە ژماردن و پێوان، ژمارەکان زۆرجاران بۆ مۆرک لێدان (وەک ژمارە تێلێفۆن)، بۆ ڕیزبەندیکردن (وەک ژمارە سێریاڵ)، بۆ کۆدکردن (وەک ISBN) بەکار دەبرێن.
لە زانستی ماتماتیکدا، لە درێژەی ساڵان، پێناسەی ژمارە پەرەی سەندووە تاکوو ژمارەگەلێک وەکوو سیفر، ژمارە نەرێنییەکان، ژمارە ڕێژەییەکان، ژمارە ناڕێژەیییەکان و ژمارە ئاوێتەکان لەخۆ بگرێت.