میتۆدی زانستی
From Wikipedia, the free encyclopedia
میتۆدی زانستی یان پێڕەوی زانستی ئاماژە دەکات بە کۆمەڵێک ڕێکار بۆ پشکنینی دیاردەکان، وەدەستخستنی زانینی نوێ، یان دروستکردن و یەکپارچەکردنی زانینی پێشوو. بۆ ئەوەی کە میتۆدێکی پرسینەوە وشەی زانستی بخرێتە پاڵی، پێویستە بەڵگەی ئەزموونی و شایەنی لێڕوانین و شایەنی پێواندن کۆبکاتەوە.[1] پێڕەوێکی زانستی داگری ئەمانەیە: کۆکردنەوەی دراوە لەڕێگای تاقیکردنەوە و ڕوانین، فورمووڵڕێژی و ئەزموونکردنی گریمانەکان.
ئەگەرچی لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی تر ڕەوتی کارەکان یەکجۆر نییە، بەڵام پێڕەوی زانستی ھەندێک جیاکەرەوەی تایبەتی ھەیە کە لە میتۆدەکانی دیکەی بەدەستھێنانی زانین جیای دەکاتەوە. زانستیاران بۆ ڕاڤەکردنی دیاردەکان گریمانە پێشنیاردەکەن و بۆ ھەڵسەنگاندنی گریمانەکان لێکۆڵینەوەی تاقیگەیی دادەڕێژن. بۆ ئەوە کە پێشبینیکردنی ئاکامەکانی داھاتوو جێگەی متمانە و دڵنیایی بێت، پێویستە ئەو قۆناغانە (پێشنیارکردنی گریمانە و ھەڵسەنگاندنی گریمانە) شیاوی دووپاتەبوونەوە بن. ھەندێک تیۆری ھەن کە ھەرێمێکی بەرینتری کۆڵینەوە داگیردەکەن؛ ئەوانە ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر گریمانەی سەربەخۆ لە یەک پێکھاتەی یەکپارچەدا کۆبکەنەوە و پێکەوە گرێیان بدەن. ئەمە بە نۆبەی خۆی دەتوانێت گریمانەی نوێ بخولقێنێت یان گریمانەکان لە یەک بەستێندا خڕبکاتەوە.