ڤۆڵتیە
From Wikipedia, the free encyclopedia
ڤۆڵتیە (بە ئینگلیزی: Voltage یا Electric potential difference) بریتییە لە پەستانی کارەبا. بە واتایەکی تر گەر لەبەینی دوو خاڵی دیاریکراو جیاوازی بارگەی کارەبایی ھەبێ پێی دەگوترێ ڤۆڵتیەی کارەبا ھەیە یاخود پەستانی کارەبا ھەیە. بە نمونەیەکی تر گەر دوو تانکی ئاو ھەبێت، و ئاستی ئاوی یەکێکیان بەرزتر بێت لەوی تریان، کەواتە پەستانی ئاو ھەیە و گەر بە بۆڕییەک بەیەکتر بگێنرێن ئاو لە تانکی ئاست بەرزەکەوە بۆ تانکی ئاست نزمەکە جوڵە دەکات. بە ھەمان شێوە، گەر بڕی بارگەی کارەبایی لە خەزانێک دا زیاتر لە خەزانێکیتر کۆ ببێتەوە، دەگوترێ پەستانێکی کارەبا ھەیە. کاتێک گێنەرێکی کارەبا لە نێوان ئەم دوو خەزانە کارەبایییە ببەسترێ، بارگە کارەبایییەکان لە شێوەی تەزووی کارەبا لە خەزانی گەورەکەوە بۆ خەزانە کەمەکە جووڵە دەکەن. لە کارەبای وەستاودا ڤۆڵتیە بریتییە لە بڕی ئەو ئیشەی کە ئەنجام دەدرێ لەسەر بارگەی ئەزموون. بە پێی سیستەمی نێودەوڵەتی یەکە (SI)، یەکەی ڤۆڵتیە بریتییە لە ڤۆڵت (Volt). یەک ڤۆڵت یەکسانە بە (Joule/coulomb).[1] ھێمای ڤۆڵتیە بریتییە لە (ΔV یا V).
بە پێی یاسای ئۆم، ڤۆڵتیە ڕاستەوانە دەگۆڕێ لەگەڵ تەزووی کارەبایی و بەرگری کارەبایی:
لێرەدا:
- V بریتییە لە ڤۆڵتیەی کارەبا.
- I بریتییە لە تەزووی کارەبا.
- R بریتییە لە بەرگری کارەبا.
ڤۆڵتمیتەر (Voltmeter) ئەو ئامێرەیە کە بە شێوەی ھاوتەریب لەگەڵ ئەو شوێنە دەبەسترێ کە پێوانەی ڤۆڵتیەی بۆ دەکرێ. بۆ نمونە گەر بمانھەوێ ڤۆڵتیەی باترییەک بپێوین دەبێ ڤۆڵتمیتەرەکە لە دوو جەمسەری موجەب و سالبی باترییەکە ببەسترێ.[2]